top of page

کورتە باسێک لە سەر چۆنیەتی گیانبەخت کردنی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی

سەبارەت بە چۆنیەتی گیانبەختکردن کاک فوئاد، بە شێوازی بابەت یان گفتووگۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان باسی لێ کراوە و تەنانەت لەم چەند ساڵەی ڕابوردوودا چەند کتێبێکیش لەو بارەوە لە چاپ دراون.

لێرەدا بە باشم زانی سەرنجی خوێنەران بۆ چەند خاڵی جیاواز ڕابکێشم کە بە داخەوە لە نووسراوە و وتووێژەکانی هیچکام لەو هاوڕێیانە بەرچاو ناکەوێ کە بەنرخترین ساتەکانی تەمەنیان لەو ڕیگایەدا تێپەڕاند و زۆربەیان ئێستاکەش چالاکن و لە نزیکەوە ئاگاداری هەموو ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە هەن.

من وەک پيشمەرگەیەک لە يەکەم رۆژی هيرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەرشارە کانی کوردستان لە ناوچەي مەريوان لە هەموو چالاکیەکانی ئەو سەردەمە و هەروا دواتريش بەشدار بووم.


زۆر لە هاوڕییان کە بە خۆشحالییوە ئێستاش لە ژیاندا ماون باشیان لە بیرە کاتی گەڕانەوەی کاک فوئاد بۆ ناوچەی مەریوان و چۆنیەتی بەڕێ کردنی دووبارەی ئەو بۆ ناوچەی موکریان.

کاک فوئادم لە نزیکەوە نەدیتبوو، بەس لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئیران لە شاری مەریوان لە چەند کۆڕ و کۆبوونەی چەند کەسییدا بۆ چۆنیەتیی و شێوازی کار کردن لە ناو جەماوەری خەڵکی مەریوان و ڕێخستنیان بۆ بەرەنگاربوون دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و کۆنەپەرەستانی سەر بە ڕژیم بەشدار بووم کە کاک فوئاد ڕێکخەری ئەو کۆبوونەوانە بوو. شێوازی ‌قسە کردن و سوور بوونی لە سەر هەڵوێستە کانی، زۆر زوو لە دڵما جيگای گرت و بە شانازیەکی گەورە دەزانم کە لەگەڵیدا کاری ڕيکخراوەییم کردووە.


کاک فوئاد ئەرکی زۆر قورس و گرانی لە سەر شان بوو، لەوانە ڕێکخراو کردنی يەکيەتی جووتياران، کۆچي مەریوان، شەڕی پاوە و نەوسوو، ڕێپێوانی خە لکی سنە بۆ پشتيوانی لە کۆچی خە لکی مەريوان، گفتوگۆکانی لە گەڵ نوێنەرانی دەوڵەت، ئەمانە و زۆر شتیتر هەمووی کەوتببوە سەر شانی کاک فوئاد و هەر بۆیە هەست بەوە دەکرا کە کاک فوئاد زۆر تەنیایە، ديار بوو لێی دەهات، بەڵام کاريکی هاسان نەبوو. هەڵات هەڵات بەملاو بەولادا و هەمووی ئەمانە بە بێ پاريزەر لە ناوچەيەکەدا کە کەسی زۆری سەر بە ڕژیم تێدابوو کە ئاواتەخۆازی مەرگی کاک فوئاد بوون، لە بەرانبەردا چەمران نوێنەری کۆماری ئیسلامی بۆ وتووێژ لە گەڵ کاک فوئاد تاقە جارێکیش تەنيا دەر نەکەوت.


کۆچی مەریوان و بیرۆکەی گرتنی پادگانی ئەو شارە

بە دواي کۆچی شاری مەريوان هێزە داگيرکرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاردا ئارایشێکی تايبەتيان بە خۆوە گرت.

پادگان لە دوو کيلومیتری ڕۆ‌ژهەڵاتی شارکەدايە کە لە دوو لاوە بەستراوە بە کيۆيکي بلیند بەناو کيۆەڕەش و ئەویتریشیان تەپۆڵکەیەکە لە تەنیشت جادەی مريوان بۆ گاڕان. لە بەین پادگان و شاردا لە بەشی ڕۆژهڵات و ڕوژئاوا بەرەو ناو شاری مەریوان دەشتيکی زۆر پان و بەرينە.


ئەو ئارایشە نیزامییەی پادگان هەر لە هەوەڵین شەوی کۆچەکە دەستی پێ کرد و هێزەکانی خۆی لە گردەرش، پشت پادگان، بەرزایی نێوان شار و پادگان، تەپەی تەرخاناوا، قەڵاي ئيمام و گردی قەبر دەروێش لە زرێبار جێگیر کرد، شار کەوتبووە گەمارۆی هێزەکانی كۆماری ئیسلامی و ڕۆژانەش دەهاتنە سەر جادەکان بۆ پشکنين و کۆنترۆڵی هاتووچوو و لێپرسينەوە لە خەڵکی مەدەنی. هەر لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک کەسیان دەسبەسەر کرد، لەوانە چەن کەسێک لە پایگای قەبری دەروێش دەسگیر و ڕەوانەی پادگان کران و لەگەڵ چەن کەسی دیکە کە ژمارەیان گەیشتە ٩ کەس لە ناو پادگانی ئەو شارە ئێعدام کران.

رژيم بۆ ئەوەی بتوانێت ‌هێزکانی خۆی لەو شوێنانەدا لە هەر چەشنە مەترسییەک بپاريزێت، ڕۆژانە لە ڕێگای هەوایی و بە هێليکۆپتێر چاوەدێری دەکردن و هەر لەو ڕێگایەوەش شتوومەک و خۆراکی بۆ دەگواستنەوە.


پێش هەموو ئەم بەسەرهاتانە، گرتنی پادگانی مەريوان بيرۆکەی کاک فوئاد بوو کە کەوتبووە سەر زاری ئێمەمانان. کاک فوئاد پێوابوو کە ئەگەر هێزمان هەبێت گرتنی پادگان زۆر ئاسانە و لە ڕاستیشدا تا پێش گرتنی ئارایش نیزامی پادگان، دەسگرتن بە سەریدا زۆر ئاسان بوو.

لە گفتووگۆی هێندێک لەو کەسانە لە کتێبەکەدا وا دەرئەکەوێ کە هاتنەوەی کاک فوئاد بۆ ناوچەکە هەر بەو مەبەستەیە و بەتەمای هاتنی هێزي پێشمەرگەی یەکیەتی و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە کە بێن بۆ یارمەتی، بەڵام کاک فوئاد باش دەیزانی کە پادگانی مەريوان بەو ئارایشە نیزامییەی کە بە خۆیەوە گرتووە و هەروا جمووجۆڵەکانی ڕژیم لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، پلانی گرتنی ئەو پادگانە بە مانای مەرگە و هيچی ديکە .

گەڕاننەوەی کاک فوئاد بۆ ناوچەی مەريوان

كاک فوئاد لەگەڵ دوو کەس کە يەکیان پێشمەرگەی يەکيەتی و ئەوی دیکەیان کەسێکی بێ چەک و خەلکی ناوچەی هەورامان بوو گەڕابووە بۆ ناوچەی مەریوان و لە لایەن ١. ئەندامانی یەکیەتی جووتیاران، ٢، تۆفێق عەلی مەریوانی و چەن کەس لە خزمان و نزیکی خۆی، ٣، عبدلڕەزا کەریمی و تەهموورس ئەکبەری سەر بە چریک فیدایی و چەند کەسی دیکە پێشوازی لێکرا.


هەمووی ئەو کەسانە پێیان وابوو کاک فوئاد تەنیا بۆ بەشداری لە سەرەخۆشی ئێعدام کراوەکانی پادگانی مەریوان کە دوو کەسیان واتە گیانبەختکردوان ئەمین و حسەین برای ئەو بوون گەڕاوەتەوە و هیچ بەرنامەیەکی دیکەی نییە. بەڵام هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی قسەکانی بۆمان دەرکەوت کاری دیکەیشی بە دەستەوەیە.

زۆر بە ئارامی و لە عەینی حاڵدا جەسوورانە لە سەر چۆنییەتی ئەرک و هەڵسووڕانی ئێمە و خەڵکی زەخمەتکێش دژی ڕژیمی داگيرکەر قسەوباسی کرد. دواتر کاک فوئاد لە گەڵ ئەو هێزەی کە لە ناوچەکەدا باوەڕی پێ بوو، کۆبوونەوەێکی پێکهێنا. لە کۆبوونەوەکەدا هێندێ قەرار و بەڵێن دیاری کران کە بریتیبوون لە:

١ بەڕێکردنی کاک فاتێح شێخولئیسلامی بۆ ناوچەی موکریان و بەشداری لە پيکهيناني نۆێنەرانی خەڵکی کورد، تا بتوارنرێ هاوسەنگیەک دروس ببێ لە نێوان هيزەکانی تری بەشدار بوو.

٢ بەڕێ کردنی ئەمجەد و ماجید موستەفا سوڵتانی، عوسمانی ڕەوشەنتوودە و کەسێکی تر کە نەمدەناسی بۆ ناوچەی موکریان، ڕۆژێک دوای بەڕێکردنی کاک فاتێح.

٣ لە سەر داوای کاک فوئاد ئەو کەسە کە لەگەڵی گەڕابووە بۆ ناوچەی مەریوان، ڕۆژی دوای بەڕێکردنی کاک فوئاد و چەند هاوڕێی بەرەو مهاباد، لە گەڵ شاراەزایەک بەرەو چەمی دەریی و نشکاش سەربە ناوچەی کەڵاتەرزان بەڕێمان کرد تاکوو لەوێوە بڕواتەوە بۆ هەورامان. بە وتەی شارەزاکە کابرا کەسێکی زۆر ترسەنۆک و سەرلێشێواوبوو.


ئەو شارەزایە ناوی عەبدوڵای حاجی سەعيدی قاميشڵە ناسراو بە عبە قاميشەڵەییە کە يکيک لە لايەنگران و پێشمەرگە ئازاکانی ناوچەکە بوو و دواتریش وەک پێشمەرگە چەندین ساڵ خەباتی کردو دواتر لە سەر سنووری نێوان مەریوان پێنجوێن کەوت بە سەر میندا و گیانیبەخت کرد. ناوبراو‌ خاڵی منە، واتە برای دايکمە و لە کتيبەکەیشدا ناوی هاتووە بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەێک.

ڕۆیشتنی کاک فوئاد و بەرەو ناوەندیی لە ناوچەی مهاباد و کۆمەڵێک پێشمەرگەش بەرەو ناوچەی سێئاوی بانە

جگە لە کاک فوئاد چەند کەسی دیکە کە بریتی بوون لە شێخ عوسمان خالدی و یەکێک لە کوڕەکانی، تەهموورس ئەکبەری، ئیبراهیم جەلال کە ئەمانە هیچیان نەک پارێزەر نەبوون بەڵکە خۆیشیان پێویستیان بە پارێزەر بوو. ئەوەیشی پێ زیاد بکەم کە شێخ عوسمان خالیدی و کوڕەکەی دەچووون بۆ لای ماموستا شيخ عزەدين و تەهموورس ئەکبریش وەک ئەندامێکی چریکە فیداییەکان بۆ کاروباری حیزبی خۆی دەچوو.


قامیشەڵە ئاواییەکی ٦٠ تا ٧٠ ماڵییە لە ناوچەی سەرشیوی مەریوان. لە بەر ئاوایی ‌قاميشلە تا سر جادەی سەرشيو مەریوان ـ سەقز بە ماشێن چارەکە ڕێێەک کەمتر بوو بەلام ماشين هاتووچۆی نەدکرد، ماشینی مسافرکێشی لە مەریوانەوە تا ئاوایی چنارە دهات و خەڵکی ئاواییەکانی دیکەی سەرشیو بۆ گەڕانەوەیان دەبوا لە چنارەوە بەولا بە پیادە یان سواری ئەسب و قاتر دەبوون و خۆیان دەگەیاندەوە ئاواییەکەی خۆیان.

ئێمە لە دەراو قامیشەڵەوە کاک فوئاد و هاڕێکانیمان بەرەو سەرشیوی سەقز بەڕێ کرد و شارەزاێکمان دياري کرد کە لەگەڵيان بچێت تا ملەی قامچيان، باشترين کەس بە لامانەوە عبە قاميشلەيی بوو چونکوو خوی خەڵکی ناوچەکە بوو و شارەزایی باشی لە سەر ناوچەکەش هەبوو.

شارەزاکە کاک فوئاد و هاوڕێکانی لە لاڕێیکی تا ڕادەیەک دژوار بەڵام کورت دەبات، هۆ کارەکەیشی نائەمن بوونی جادەکە و هەروا دووریەکەشی کە ئەگەر ویستبای لە ڕێگای جادەی مەریوان ـ سەقز ڕێکەوتبان دەبوایە دوو ڕۆژ بە ڕێگاوە بوونایە.


لە گەڕانەوەی عەبە قامیشەڵەیی (خاڵەم) بو ڕۆژی دوایی لە سەر چۆنییەتی ڕۆیشتنەکە لێم پرسی. ئەویش باسی کرد کە لە لاڕييکەوە بە دەراو ئاوای دوپلورە و بەردەڕشەدا تا ملەی قامچيان ڕۆیشتوون لەوێدا لەوان جیا دەبێتەوە دێتەوە بەرەو قامیشەڵە. لە کاتی جیا بوونەوەیاندا کاک فوئاد سی تمەنی پێدا بوو و لەوەی کە وەری گرتبوو زۆر لە خاڵم تووڕە بووم. ناوبراویش سۆيندي خوارد کە نەیدەویست پارەکە وەرگرێ بەڵام کاک فوئاد پارەکە لە سەر بەردێک دادەنێ و دڵێ کە ئەوە پارەی تۆیە و دواتر ماڵائاوای لە خاڵم دەکا و دەڕوا. بە دوای پشوویەکی کورد خاڵە عەبە لە گەڵ ناسراوەکەی کاک فوئاد بەڕێ دەکەوێ بەرەو ناوچەی کڵاتەرزان و ئێمەش کە کۆمەڵێ چەکدار بووین بەرەو ئاوایی دووپلوورە ڕێکەوتین. لە لایەن هاوڕێێانی بەرپرس بە هۆی ئاشنا و خزمی زۆر لە ئاواییەکانی دەورووبەر مەئموور کرام کە خواردەمەنی بۆ هاوڕێێانی پێشمەرگە ئامادە کەم، هەر بۆیە لە هاوڕێێان جیا بوومەوە و بەرەو ئاوایی گەوێڵە ڕێکەوتم. لەوێ لە لایەن خەڵکەوە ئاگاداری ڕۆیشتنی ستوونێکی نیزامی بریتی لە تۆپ و تانک و ماشینی نیزامی بومەوە کە لە پشت ئاوایی گەوێڵە تێپریبوون و بەرەو سەقز ڕۆیشتوون.

بە دوایی کۆکردنەوە خواردەمەنی لە گەڵ ناسياويكی خۆم بۆلای پێشمەرگەکان گەڕامەوە. ناسراوەکە سەرەتا دەبوو نان و پيخوريي روژانەي ببردایە بو چەند نەفەرێک کە لە بەین ئاوایی گەوێڵە و دووپلوورە خەریکی کەتیرە کردن بوون. تاریکانی شەو بوو گەیشتینە لای کەتیرەکەرەکان، ئەوانیش باسی تێپەڕبوونی جەماعەتی چەکداری ڕژيميان کرد کە لە نزیک ئەوانەوە تێپەڕ ببوون.

شەو درەنگ بوو، لە دڵەڕاوکێیکی زۆردا بووم هەستم ئەکرد شتێک ڕوویداوە بەڵام نەمدەزانی چییە. لەگەڵ شارەزا ناسراوکە درێژەمان بە ڕێگاکەی خۆماندا بەرەو ئاوای دووپلوورە. لە نزیک ئاوای گەیشتم بە هاوڕێیانی پێشمەرگە، هەموو مات و بێ ئۆقرە بوون لەوێدا هەواڵی گیانبەختکردن کاک فوئاد و تەهموورسیان پێ ڕاگەیاندم، ئەوان هەواڵی گیانبەختکردن کاک فوئاد وتەهموورس ئەکبەرییان لە هەواڵەکانی کاتژێر دووی پاش نيوەڕۆی ڕادیۆ تارانەوە بیستبوو.


هەموویان زۆریان برسی بوو بە بینی نان و پێخۆر، تينێک هاتەوە ناو لەشیان وهێدی هێدی کەوتنەوە جمووجۆڵ، پاشان ئەوانیش باسیان کرد کە لە دەورووبەری سەعات ١٠ بۆ ١١ی پێشنیوەڕۆ بوو هەليکۆپێترێک لە سەر ئاسمانی ناوچەکە دەسووڕاویەوە و جەماعەتێکي زوری چەکداری ناسراوی سەر بە ڕژیم، وەک عێزەتە گۆچی ولەژێر، دارودستەی عەلی نيزام و زۆرێک چەکداریتر لە بەرزايکانی دەراو کاسارۆ، پشت ئاوایی گەوێڵە لە جمووجۆڵدا بوون.

ناوچەکە زۆرتر پێکهاتووە لە کێوی بەرز وتاشەبەردی زەبەلاح و دۆڵی قووڵ کە هەر لە داوێنی کێوەکانەوە تا سەر لووتەکە بە دار و بنچک داپۆشراوە و لە زۆر جێگایدا تەنانەت لە بەینی تاشەبەردەکانیشدا دارودەون ڕوواوە، هاوڕێیانیش هەر لە ناو ئەو دارو دەوەنانەدا خۆیان حەشاردابوو لە کاتێکدا ‌هێزەکەی ڕژیم بە بەرچاویاندا لە هاتووچٶدا بوون.


بە دوای نانخواردن بەرەو ناوچەی بانە ڕێکەوتین. دەمەو ئێوارەی ڕۆژی دوایی گەیشتینە لای هاوڕێیانی پێشمەرگە لە نزیک سێئاوی بانە. ئەوان لە شەڕيکی زور قورسدا بوو، ئاگادار کراين کە پێشمەرگەیکی ناوداری يەکيتی بە ناوی ئەنوەر مەجید سوڵتان شهيد بووە. ماندوویەتی بە ڕوخساری یەکە یەکەی پێشمەرگەکانەوە دیار بوو. چاومان بە لێپرسراوێکی خۆمان کەوت و ڕەخنەیان لێ گرتین کە بۆچێ ناوچەکەمان بە جێ هێشتووە، هەر زۆر زوو بڕياريان دا کە بگەڕێینەوە بۆ شوێنەکانی خۆمان.

بە دوای بڕیارەکە بێ ئەوەی وچان بدەین بەڕێ کەوتینەوە بەرەو ناوچەی مەریوان. چەن ڕۆژێک بوو نە وچانێكی باشمان دا بوو نە نانێکی باشمان خواردبوو، هەموو هیڵاک و برسی بوون، زۆربەمان لە پێ کەوتبووین، پێشمەرگەكان زۆر گوێڕایەڵی بڕیاری بەرپرسەکان نەبوون و لە کاروان بەجێ دەمان یان بەرەو لایەک سەریاندەنا و دەڕۆیشتن بە بێ ئەوەی بزانن بۆ کوێ دەچن. چەن کەسێ لەو هاوڕێیانە لە دەشتی پێنجوێن لە هێزەکانی بەعس دەسگیر دەکرێن. ماوەی سێ ڕۆژ له پێنجوين ڕایاندەگرن به مەبەستی پێدانی چەک و تەقەمەنی و يارمتی پێويست له لایەن حكومتی بەعسەوە بۆ شەڕ دژيی كۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەوان ئەو یارمەتیە قەبوڵ ناکەن و دوای ئازاد کردنیان گەڕانەوە بۆ لاي ئێمە. بەرپرسی ئەو کەسانە کاک تاهیری خالدی بوو.


ئەو هاوڕێیانەی کە لە گەڵ کاک فوئاد بوون باس لەوە دەکەن، بە دوای ئەوەی شارەزاکە لە ملەی کانیکون لێیان جیا دەبێتەوە، ئەوان بەرەو ئاوایی قامچیان ڕێ دەکەون و دەڵێن کە زۆرمان برسی بووە و ویستوومانە شووشەی پەنجەرەی چایخانەکەی قامچیان بشکێنین و لەوانەیە نان و پێخۆری لێ بێت، لە کاتێکا ماوەیەکی زۆر بوو ئەو چایخانە چۆڵ کرابوو. نازانم بۆ ئەم هاوڕێیانە لە تێپەڕبوونیان بە سەر ئاوایی قامچیاندا یان دواتر ئاوایی تازەدێ کە لە سەر جادەکەوە کەمتر لە ٢٠٠ میترە کەڵکیان وەرنەگرتووە بۆ حەسسانەوە و مەجبوور بە شکاندنی پەنجەرەی چاییخانەیەکی لە مێژ چۆڵکراو بوون.


بە پێی ئەو زانیاریانەی کە من هەمە وە دەزانم کاک فوئاد و هاوڕێکانی دەچنە ئاوای ئاگجە کە لە چایخانەکەوە ڕێگای یەک کاتژمێرە و لە باری ئەمنیەوە کارێکی ژیرانە بووە و سەرەڕای ئەوە کە زۆربەی دانیشتوانی ئەو ئاواییە لایەنگری حیزبی دیموکرات بوون و هەمووشیان چەکدار بوون بە بینینی کاک فوئاد زۆر خۆشحاڵ دەبن و پێشوازیەکی باشی لێ دەکەن و بە ڕێکەوت دەچنە ماڵێك کە لایەنگری کۆمەڵە بوون، پاشان خەڵکی ئاویی دەچن بۆ لای کاک فوئاد، چۆنییەتی وەزعی خۆیان سەبارەت بەوەی کە چەکدارن و ناتوانن پێشمەرگایەتی کەن پرسیار لە کاک فوئاد ئەکەن و ئەویش لە وڵامدا پێیان دەڵی، پێویست ناکات ئێوە ببنە پێشمەرگە، ئەگەر پێویست بوو یان کەوتنە ژێر فشاری ڕژیم دەتوانن واز لە چەکەکانتان بێنن.

سەرلە بەیانی رۆژی دوایی لە کاتی خۆ ئامادە کردندا خاوەن ماڵەکە و یەکێکی تریش لە خەڵکی ئاویی کە لایەنگری حیزبی دیموکراتە داوا لە کاک فوئاد دەکەن کە با چەند کەس لە گەڵتان بنێرین و ئەو ڕێگایە بە سواری ئەسپ و قاتر بپێون تا ئاوایی ئیساقاوا کە هەم لە باری ئەمنیی و هەمیش نزیکترە بەرەو سەقز و بانە، بەڵام شێخ عوسمان خالدی ناتوانێت بە سواری بڕوات هەر بۆیە بڕیار دەدەن کە بە جادەدا بڕۆن بەڵکوو ماشینێکیان گیر کەوێ.


لە نزیک ئاوایی کانەعمەت هێزێکی پیادە کە زۆربەیان لە بەکرێگیراوانی ناوچەی مەریوان بوون و بە جلوبەرگی کوردیەوە کوتبوونە بەر ستوونەکەوە کە لە مەریوانەوە بەرەو سێئاوی بانە ڕێکەوتبوون لە ڕێبوارێکی خەڵی ئاوایی کانەعمەت پرسیار لە وەزعی ڕێگاکە دەکەن، ئەویش لە وڵامدا دەڵێ هیچ خەبەرێک نییە، بەڵام چەند نەفەر لە جەماعەتی خۆتان چوون بەرەو چۆمەکە. بە بیستی ئەو قسەیە، هێزەکە کە بەرەو چۆمەکە دەڕۆن و لەوێدا شەڕ دەس پێ دەکا و بە هێلیکۆپتێر ناو چۆمەکە دەدەن بەر دەسڕیژ کە بەداخەوە کاک فوئاد و تەهموورس شەهید دەبن و شێخ عوسمان خالدی بە وتەی خۆی خۆ حەشار دەدات کە شەو بە سەردا دێت شێخ عوسمان دەچێت بەرەو ئاوای کانەعمەت و دەچێتە ماڵێک کە ئەو بنەماڵیە ئێستایش لە حاڵی ژیاندایە، باسی شەهید بوونی کاک فوئاد و تەهموورس لەگەڵ چٶنیەتی خۆ حەشاردانی خۆی تا ڕۆژ ئاوا بوون دەکات و لە سەر ئەوەی کە کوڕەکەی و ئیبراهیم جەلال لە کوێن و چۆن ئەوانیان بە جێ هێشتووە هیچ باسێک ناکات.


مەبەست لە تێپەربوونی ئەو ستوونەی کۆماری ئیسلامی چی بوو؟

بە بڕوای من ئەو هێزە بۆ پشتیوانی هێزەکانی خۆیان لە شەڕ بەرانبەر پێشمەرگە لە ناوچەی سێئاوی بانە بەڕێکەوتبوو

کە ڕێگریی لە هێزی پيشمرگەی ناوچەی سەرشيو مريوان و سقز بکا، ئەگەر بە نياز بن بڕۆن بۆ شەڕی سێئاوی بانە. کاک فوئاد و هاوڕێکانی بە بینینی هەلیکۆپتەر لە ئاسمانی ناوچەکەدا لە جادەکەوە بەرو چۆمی کانەعمەت بۆ خۆ حەشاردان هەڵدەێن. ئەوانەی لەو ناوچەیەدا بووبن دەزانن جگە لە چۆمەکە کە پێکهاتووە لە چاڵوچۆڵی و چەند بن دارێكی بی ‌هیچ شوێنێک بۆ خۆ حەشاردان و یان مقاوەتێکی چەکداری نییە کە بتوانرێ بەرانبەر بە هێزێکی زەبەلاح کە هەم لە ئاسمانەوە و هەم لە زەوی هێرش بکاتە سەرت مقاومەت بکەی، تەنانەت لە کاتی گیرۆدە بوونیشدا هیچ ڕێگایەکی خۆ دەرباز کردن نییە.

ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە هيچ پلانيکي لە پيش دارێژاو بو سەر کاک فوئاد نەبووە و ئەو ڕێبوارەیش کە خەڵکی ئاوایی کانەعمەت بووە پێی وابووە کە ئەو هێزەیش پێشمەرگەن، هەر بۆیە پێیان دەڵێ کە چەن کەس لە خۆتان بەرەو چۆمەکە ڕۆیشتن.

***

لەم بابەتەی سەرەوەدا ناوی ئەو کەسانەی کە یارمەتیدەری من بوون بۆ ڕاست بوونەوەی چۆنیەتی شیهید بوونی کاک فوئاد لە هاوردنی ناویان بە هۆی باری ئەمنییەتیەوە خۆ پاراستووە، ئەگەر پێویست بوو دەتوانم بەلای کەسی باوەڕپێکراوە ناویان بهێنم.

سپاس بۆکاک پەیام نەویدیان کە یارمەتیدەر بووە لە نووسینەوە و تایپی ئەم بابەتدەدا.

فەرەج شەهابی

ڕێکەوت: ٦ی سێپتەمبری ٢٠١٩ی زایینی

ستۆکهۆڵم


Comments


bottom of page