top of page

بیوگرافی کاک فوئاد

 

١٣٢٧(١٩٤٨) حەوتی خاکەلێوە (فەروەردین) کاک فوئاد لە ئاوایی "ئەڵمانە"ی مەریوان لەدایکبوو؛ باوکی " حەمە ڕەشید مستەفا سوڵتانی" و دایکی " بەهیە کۆنەپۆشی" بوو.

١٣٣٣ (١٩٥٤) لە مەدرەسەی " قائانی" لە ئەڵمانە خوێندنی دەستپێکرد و تا چواری سەرەتایی لەوێ خوێندی.

١٣٣٧ (١٩٥٨) چوو بۆ شاری سنە (کە پێشتر چەند برایەکی لەوێ دەیانخوێند) و لە مەدرەسەی سەرەتایی "چواری ئابان" درێژەی بە خوێندن‌دا.

 ١٣٣٩ (١٩٦٠) چووە ناوەندی لە دەبیرستانی "رازی" لە سنە.

١٣٤٢  (١٩٦٣) لە بەشی ماتێماتیکی دەبیرستانی"هیدایەت" درێژەی بە خوێندن‌دا.

١٣٤٥ (١٩٦٦) ناوەندی تەواوکرد، دیپلۆمی وەرگرت؛ دواتر چەند مانگێک لە ئیدارەی دوخانیاتی شاری مەریوان کاری کرد.

١٣٤٦ (١٩٦٧) بەشداری کرد لە تاقیکردنەوەی سەرتاسەری (کونکوور)ی زانکۆکانی ئێران و لە دوازدە شوێن لە دانشگاکانی ئێران قەبووڵ بوو. خۆی زۆری پێخۆش بوو بچێتە دانشگای "نەوتی ئابادان". لە تاقیکردنەوەی نووسینەکە دا نمرەی زۆر باشی هێنا. کاتی تاقیکردنەوەی زارەکی (شفاهی) لێی ئەپرسن "ئەگەر ببیت بە سەرەک وەزیرانی ئێران چی دەکەیت؟" کاک فوئاد ئەڵێت یەکەم هەنگاوم ڕیفاه و ئاسایش دەبێت بۆ کوردستان و بەلووچستان و گەڕەکە فەقیر نشینەکانی تاران وهتد. لەسەر ئەو جوابدانەوەیە رەدیان کردەوە. ئیتر کاک فوئاد بڕیاریدا بچێتە دانشگای "سەنعەتی ئاریامێهر" بەشی موهەندیسی کارەبا لە تاران.

١٣٤٨ (١٩٦٩) کاک فوئاد شانبەشانی هاوڕێکانی لە هەڵسووڕان و خۆ ساخکردنەوەدان بۆ شێوازێکی نوێی خەبات، سەرەنجام بناغەی رێکخراوەی کۆمەڵەیان لە پاییزی ئەو ساڵەدا دانا.

١٣٥٠ (١٩٧١) زانکۆی "سەنعەتی ئاریامێهر"(شەریف)ی تەواو کرد و بوو بە موهەندیسی کارەبا.

١٣٥١ (١٩٧٢) لە دەورانی سەربازی‌دا وەکوو ئەفسەر لە کارخانەی بەرق(کارەبا)ی مەریوان کاری کرد. بە هۆی ڕاوەستان لە بەرانبەر ساواک و فەرمانداری مەریواندا، لەم شارە دوور خرایەوە.

١٣٥٢ (١٩٧٣) لە شاری " برووجێرد"ی لوڕستان درێژەی بە دەورەی ئەفسەریەکەی دا.

١٣٥٣ (١٩٧٤) بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ گەنجان و خوێندکاران بوو بە مامۆستا لە هونەرستان (ئەنستیتۆی) سەنعەتی شاری سنە.

١٣٥٣ (٢٠/١٠/١٩٧٤) ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەر دەسگیر کراو گوێزرایەوە بۆ زیندانی "کۆمیتەی هاوبەشی ساواک و شارەبانی" لە تاران و بە چوار ساڵ زیندان حوکم درا.

١٣٥٦ (١٩٧٧) لەسەر داخوازی خۆی گەڕایەوە زیندانی شاری سنە.

 

ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٨)

مانگی پووشپەڕ لەگەڵ زیندانییەکانی‌تر بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت و کاک فوئاد ڕێبەرایەتی کرد.

(٢٩/٩/١٩٧٨) ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر لە زیندان ئازاد بوو. ڕۆژی دواتر لە سنەوە گەڕایەوە بۆ ئەڵمانە.

ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەر هەموو خزمان لە کۆبوونەوەیەکی گەورەی خانەوادەگی‌دا پەیامێکی هاوبەشیان هەبوو بۆ کاک فوئاد: "تۆ چوار ساڵ زیندان و ئازار و ئەزیەتێکی زۆرت کێشاوە، ئیتر بەسە و بیر لە ژیانی داهاتووی خۆت بکەوە." کاک فوئاد وەک هەمیشە لە سەرەخۆ و بەوپەڕی ڕێز و ئیحترامەوە گوێی لە قسەی هەموویان گرت و کورت و پوخت بۆی ڕوونکردنەوە کە هێشتا سەرەتای کار و خەباتە. ئەو ڕۆژە هەم شێلگیر بوونی خۆی لە خەباتدا بەوان سەلماند و هەم هێنانیە سەر ئەوە کە ئیتر باسی لێوە نەکەن.

ڕۆژی ٢٩ی ڕەزبەر لە ناو شاری مەریوان دیدار و چاو پێکەوتنی هەبوو لەگەڵ هاوڕێیان و کۆر و کۆمەڵی هەڵسووڕاوانی ناوشار. کاک فوئاد دوای زیندان تەنیا٢٢ ڕۆژ لە ماڵی خۆمان مایەوە و هیچکاممان تاسەمان لێی نەشکا.

ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەر لە گەڵ دۆستێکی خۆی، سوهراب کەیقوبادی (یادی ئازیزی بەخێر) چوو بۆ ڕامسەر لە شومالی ئێران و مەلەکەی برد بۆ لای دوکتورێکی چینی. مەلەکە ماوەیەکی زۆر بوو بەدەست نەخۆشینێکەوە دەیناڵاند و کاک فوئاد زۆر بەلایەوە گرینگ بوو ئەم مداوایە بکرێت.

ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەر کاک فوئاد چووە بەر دەرکی زیندانی "قەسر" لە تاران بە هیوای ئازاد بوونی کاک شوعەیب زەکەریایی. ئەوە ڕۆژێک بوو کە بەتەمەنترین و منداڵترین زیندانی لە زیندانی قەسر ئازاد کران. بە تەمەنترین "سەفەر قارەمانی"  بوو کە٣٢ ساڵ لە زینداندا بوو. کاک فوئاد لەگەڵ سەفەر خان چووە دانشگا تاران و دواتر چوو بۆ ماڵیان.

مانگی سەرماوەز کاتێک کە بە دەست پێشخەری کاک فوئاد ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە کاک شوعەیب زەکەریایی (کە لە زیندان ئازاد کرابوو) لە شاری سنە ڕێکدەخرا، لایەنی ئایینی و موفتی‌زادە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە لە ژێر سەردێڕی "او از مانیست" (ئەو لە ئێمە نییە)، (واتە خەڵکە پێشوازی لێ مەکەن!). پێشوازی گەرمی خەڵکی شاری سنە کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو بە مانای بەرپەرچ دانەوەی ئەوان و پشتیوانی لە بەرەی چەپ و رادیکاڵ بوو لە سنە.

لە مانگی سەرماوەزدا کاک فوئاد ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەدا کە لە دوو شوێن، سنە و نەغەدە گیرا.

لە کاتی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەدا لە نەغەدە، لەسەر داوای کاک فوئاد کۆبوونەوەکان ڕادەگرن بۆ پشتیوانی لە تووتنەوانەکانی ناوچەی بانە.

لە پاییزدا لە شاری سنە کاک فوئاد لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی شارەکانی ئەهواز، برووجێرد و خوڕەم ئاباد دیداری کرد. یەک لەوانە موحسین نەهاوەندی ئەندامی "سازمان چریکهای فدایی" بوو، کە زیندانی ئەبەدی پێدرابوو. لە زیندان چووە ڕیزی کۆمەڵەوە و دوای ڕووخانی ڕژیمی شا بەرپرسی کۆمەڵە بوو لە خوڕەم ئاباد و ئەهواز. نەهاوەندی ساڵی ١٣٦٠ (١٩٨١) گیانی بەخت کرد. ئەویتریان بێهروز موعینی بوو. کەسی سێهەم پەرویز میری خەڵکی ئەهواز بوو کە ئەم دوو کەسە زۆر بەداخەوە لە وەرگێڕانی ماشیندا لە دوو شوێنی جیاواز گیانیان بەخت کرد. یەکێك لە کارە بە نرخەکانی ئەو هاوڕێیانە ئەوبوو کە بە یارمەتی "سازمان وحدت انقلابی" لە ئەهواز کتێبخانەیەکیان بە ناوی کاک فوئاد کردەوە و وێنەیەکی کاک فوئادیان لە سەر دانابوو.

مانگی خەزەڵوەر کاک فوئاد ڕۆڵی گرینگی هەبوو لە ڕێبەرایەتی کردنی مانگرتنی خەڵکی ئاوایی بێلووی مەریوان بۆ وەرگرتنەوەی زەوییەکانیان لە ئاغەوات.

مانگی بەفرانبار "جامعە معلمان مریوان" (کۆمەڵەی مامۆستایانی مەریوان) وەکوو یەکەمین رێکخراوەی ئاشکرا و دێموکراتیک دامەزرا کە کاک فوئاد دەوری سەرەکی لە دامەزراندنیدا هەبوو.

ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندان کاک فوئاد لە مەریوان بوو کە هاوکاتە لە گەڵ هاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران و مەرگی ڕزگار، کۆرپە چکۆلەکەی کاک حوسەینی برامان.

ڕۆژی ٢٢ ڕێبەندان (١١/٢/١٩٧٩) پەیکەرەی شا لە مەریوان هێنرایە خۆارەوە، شارەبانیش گیرا. کاک فوئاد یەکەم کەس بوو لە سەر دیواری حەوشەکەوە چووە ناو شارەبانی. ئەو شەوە لەسەر پێشنیاری کاک فوئاد هەموو سەرۆکی ئیدارەکان گیران.

ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندان کاک فوئاد لە سەقز لە نەخۆشخانە سەردانی کاک حەمە حوسەین کەریمی کرد کە شەوی پێشتر لە کاتی گرتنی شارەبانی شاردا بریندار ببوو. ڕۆژانی ٢٤ تا ٢٦ لە بۆکان لەگەڵ باقی هاوڕێیانی کۆمەڵە لە کۆبوونەوەدا بوون.

٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ و ١٥/٢/١٩٧٩کە کاک حەمە حوسەین کەریمی گیانی بەخت کرد وەکوو ڕۆژی ڕاگەیاندنی هەڵسووڕانی ئاشکرای کۆمەڵە ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندان لە ڕێوڕەسمی ناشتنی کاک حەمە حوسەین کەریمی‌دا کاک فوئاد بەشدار بووە و هەر بەو بۆنەشەوە یەکەمین ڕاگەیاندنی ئاشکرابوونی کۆمەڵە بڵاو کرایەوە.

ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندان کاک فوئاد لە مەهاباد بەشداری کرد لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی خەڵکی شارەکانی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی تازەی ئێران؛ کاک فوئاد دەستی هەبوو لە نووسینی"بڕیارنامەی هەشت خاڵی مەهاباد"دا کە درایە نوێنەرانی حکوومەت.

ڕۆژی ١٦ی ڕەشەممە سێهەمین کۆبوونەوەی یەکیەتی جووتیاران بە بەشداری کاک فوئاد لە مەریوان گیرا.

ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە (هەشتی مارس ١٩٧٩) بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنە وە کاک فوئاد وتارێکی نووسی سەبارەت بە ڕۆژی ژن و جێگای ژن لە کۆمەڵگادا کە لەلایەن ناهید محەممەدی لە کۆمەڵەی مامۆستایانی مەریوان خوێندرایەوە.

ڕۆژەکانی ئاخری ڕەشەممە و شەڕی خوێناوی نەورۆز کاک فوئاد لە سنە بوو. بۆ پێکهێنانی شورای شۆڕشی شاری سنە هاوفکری و بیروڕا گۆڕینەوەی هەبوو لەگەڵ ئەو هاورێیانەی بەشداری گفتوگۆ بوون لە گەڵ سەرانی کۆماری ئیسلامی کە هاتبوونە سنە. کاک سەدیق کەمانگەر وەک وتەبێژی شورا و نوێنەری کۆمەڵە بەشداری گفتوگۆکان ئەبێت.

ساڵی ١٣٥٨ (١٩٧٩)

ڕۆژ ٩ی خاکەلێوە کاک فوئاد لە سنە بوو کە کارەساتە دڵتەزێنەکەی کاروانی کۆمەک بە "تورکمەن سەحرا" ڕوویدا و ٩ کەس لە هاوڕێیانی ئازیزمان بە ناوەکانی فەریدە و جەمیل زکەریایی، گوڵڕێز قوبادی، فایزە قوتبی، دوکتور فەتحوڵڵا لوتفوڵڵا نژادیان، جەمیل سەجادی، ئیسماعیل عەلیپەنا، دوکتور ئەسعەد وەرزێری و رەئووف کەمانگەر گیانیان بەختکرد.

ڕۆژی ١١ی خاکەلێوە  کاک فوئاد لەگەڵ هاوڕێیان ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوە، ڕۆژی دەنگ نەدان بە کۆماری ئیسلامی دەنووسن.

ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوە (١/٤/١٩٧٩) کاک فوئاد لە سنە لەگەڵ هاوڕێیانی خەریکی ڕێکخستنی خۆپیشاندانی گەورەی خەڵکی سنە بوون بۆ وتنی نا بە ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی. 

ڕۆژی ٣١ی خاکەلێوە (٢٠/٤/١٩٧٩) شەڕی نەغەدە دەستی پێکرد و کاک فوئاد لە مەهاباد لەگەڵ بەرێز مامۆستا شێخ عێزەدین خەریکی ڕاوێژ کردن بوو. بەردەوام لەگەڵ هاوڕێیانی کۆمەڵە کە لە نەغەدە گەمارۆ درابوون، لە پەیوەندیدا بوو.

ڕۆژی ١١ی گوڵان (یەکی ئەیار) کاک فوئاد لە مەریوان بوو کە بۆ یەکەم جار ڕێوڕەسمێکی زۆر شکۆدار بە بۆنەی ڕۆژی کریکارەوە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی ١٦ی گوڵان  کاک فوئاد دەوری سەرەکی هەبوو  لە خۆپیشاندانە گەورەکەی شار و لادێی مەریوان کە بۆ پشتیوانی لە جووتیارەکانی سۆما برادۆست بەڕێوە چوو.

شەوی ٥ی جۆزەردان یەکەم دەستەی پێشمەرگەی یەکیەتی جووتیاران بە سەرکردەیی کاک فوئاد چوونە دەرەوە لە شار.

ڕۆژی ٨ی جۆزەردان پێشمەرگەکانی یەکیەتی جووتیاران جەولەی ئاشکرای خۆیان دەست پێکرد. ڕۆژی دواتر کاک فوئاد نامەیەک سەبارەت بە کار و باری ئەو دەستە پێشمەرگەیە بۆ هاوڕێیانی ناوەندی کۆمەڵە دەنووسێت.

ڕۆژی ٨ی پووشپەڕ شەڕی خانەگای جوجو (ناوچەی مەریوان) ڕوویدا کە یەکێک لە رووداوە گرینگەکانی ئەو کاتەی ناوچەی مەریوان بوو.

ڕۆژی ١٢ی پووشپەڕ کۆبوونەوە گەورە و بە ناوبانگەکەی یەکیەتی جووتیاران و ڕووناکبیرانی مەریوان بە بەشداری نوێنەرانی ٦٦ دێ، لە ئاوایی "ولەژێر" بە بەشداری چالاکانەی کاک فوئاد بەڕێوەچوو.

ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕ کونفرانسی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە مەهاباد.

ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ کاک فوئاد سەبارەت بە ئەزموونەکانی یەکیەتی جووتیاران، گیرو گرفتەکانی ناو خۆی ڕێکخراوەی کۆمەڵە و هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە یەکگرتن و پێکهێنانی حیزبی کۆمونیست و چەندین بابەتی گرینگی‌تر لە جەمعیەتی مەهاباد قسەوباسی کرد و وەڵامی پرسیاری بەشدار بووانی دایەوە. ئەو قسەوباسانە لەم کتێبەدا هاتووە و بە دەنگی خۆیشی لەسەر سایتەکەی کاک فوئاد هەیە.

ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ کاک فوئاد و چەند هاوڕێیەک چوونە ناوچەی مەرگەوەر بۆ دیدار لەگەڵ چەند تێکۆشەرێکی کوردستانی تورکیا.

ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕ لە مەریوان خۆپیشاندانێک کرا کە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە شارەکەدا. بوو بە تەقە لە نێوان تێکۆشەران و هێزی شۆڕشگێڕ لەلایەک و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە لایەکی‌ ترەوە. ئەو ڕۆژە کاک فوئاد لە مەریوان نەبوو.

ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕ شورای شاری مەریوان پێکهات و کاک فوئاد ئەندامی شورا بوو.

ڕۆژەکانی ٢٤ تا ٢٦ی پووشپەڕ گفتوگۆی چڕوپڕی شورای شاری مەریوان کە کاک فوئاد بەڕێوەبەری بوو، لەگەڵ فەرماندەی پادگانی مەریوان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکان بەردەوام بوو. کاک فوئاد لە زۆر سەرچاوە و لەوانە لە چەند ئاشنایەک بۆ کۆ کردنەوی زانیاری و  جموجۆڵی رژیم بۆ نموونە لە ناو پادگانی مەریوان کەڵکی وەر دەگرت.

٣١ی پووشپەڕ هەتا ١٤ی گەلاوێژ (٢٢/٧ هەتا ٥/٨/١٩٧٩) کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هاتنە ناو شاری پاسداران. ئەو ماوەیە لێوان لێوە لە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی مەریوان، کوردستان و  زۆرێک لە تێکۆشەران و ئازادیخوازانی ئێران و کاک فوئادیش ئەستێرە پرشنگدارەکەی ئەو تاریخە بێ وێنەیە بوو.

ڕۆژی ٥ی گەلاوێژ ڕێپێوانی سەدان تێکۆشەری شاری سنە بەرەو مەریوان بۆ پشتیوانی لە کۆچی خەڵکی مەریوان و هەروەها بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە زیندانی کردنی ژمارەیەک لە هاوڕێیان لە پادگانی مەریوان، دەستی پێکرد.

ڕۆژی ٧ی گەلاوێژ ڕێپێوانی سەدان کەس لە شارەکانی سەقز، بانە و بۆکان هەر بەو مەبەستە بەرەو مەریوان دەستی پێکرد.

ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژ وتاری کاک فوئاد بۆ خەڵکی مەریوان لە کانی میران ؛ ئەم قسەو باسە بریتی بوو لە لێکدانەوەی کۆبەندی ئاکامەکانی کۆچ، قازانج و زەرەرەکانی، وتووێژەکان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و ئەوەی کە کاتی کۆتایی هێنان بە کۆچ و گەڕانەوە بۆ ناوشاری مەریوان هاتووە.

ڕۆژی ١٥ی گەلاوێژ کاک فوئاد پێی خۆش ئەبێت لەگەڵ کەس و کار بێت. ئەو ڕۆژە ئاخرین دیداری بنەماڵەکەمان لەگەڵ کاک فوئاد بوو. دایکمان زۆر نیگەران بوو، وەک ئەوەی دڵی خەبەری دابێت کە کارەسات چاوەڕوانی خۆی و ڕۆڵە ئازیزەکانییەتی. بە کاک فوئادی گوت: "ڕۆڵە گیان زۆر ئەترسم و ترسەکەم تەنیا لە رژیم نییە، بەڵکوو دەست و پێوەندەکانیشی بە خوێنی تۆ تینوون. ئەترسم بەڵایەکت بە سەردا بێنن و وەک سمایلی شەریفزادە تەنیا عەکسەکەت بۆ من بمێنێتەوە"! کاک فوئاد زۆر ئارام و لە سەرەخۆ وەڵامی دایکمانی دایەوە و گوتی: "دایە گیان ڕێز و حورمەتم هەیە بۆ هەستی دایکانەت، بەڵام بیر لەوانە مەکەوە. مندالەکانی تر بە دەورتەوەن".

شەوی ١٥ی گەلاوێژ لە ئاوایی گوێزەکوێرە لەگەڵ پێشمەرگەکانی یەکیەتی جووتیاران کۆبوونەوە دەکات و باسی پەیوەندی خۆی و کۆمەڵەیان بۆ دەکا.

ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژ کاک فوئاد لەگەڵ هاوڕێ عوسمان رەوشەن توودە بە سەفەر چوونە سنە. لەگەڵ ئەو کەسانە هاوسەفەر بوون (یەحیا دەوەنداری، ساڵە سەرداری، حەمید فەرشچی، حەسەن شەعبانی و . . ) کە دەچوون بۆ یەکەم فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە لە گوندی گۆڕەمەڕ لە ناوچەی سەردەشت.

ڕۆژی١٧ی گەلاوێژ کاک فوئاد سەفەری خڕی ناوزەنگ دەکات بۆ سەردانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و مام جەلال.

ڕۆژی ١٩ی گەلاوێژ دەگەڕێتەوە گۆرەمەڕ.

ڕۆژەکانی ٢٠ و ٢١ سەردانی بۆکان و مەهاباد دەکات.

ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژ کاک فوئاد و هاوڕێ عوسمان ڕەوشەن توودە لە پاوە و لە مانگرتنەکەی "قۆری قەڵا" ئەبن. کاک فوئاد لەوێ قسە دەکا بۆ مانگرتووەکان.

ڕۆژی ٢٣ بە دوای ئاڵۆز بوونی دۆخی پاوە و چەند ناوچەیەکی‌تر، دیسانەوە سەردانی یەکیەتی نیشتمانی دەکات.

ڕۆژی ٢٤ کاک فوئاد لە گۆڕەمەڕ هاوڕێیانی کۆمەڵە ئەبینێت. هاوڕێیان رازی دەکات وەڵامی بانگهێشتنی حیزبی دێموکرات بدەنەوە و بەشداری بکەن لە رێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ لە شارۆچکەی ڕەبەت. هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە لەوێ وتار دەخوێنێتەوە و کاک فوئادیش بەشداری دەکات.

کاک فوئاد و هاوڕێیان برایم عەلیزادە و حوسەین مورادبەیگی(حەمە سوور) یش لە گۆڕەمەڕ دەبن کە هەواڵی شەڕی کەرەفتووی ناوچەی دیواندەرە و گیانبەخت کردنی هاوڕێ یەحیا خاتوونی دەبیستن. خێرا کۆبوونەوەیەک دەکەن وباسی ئەوە دەکرێت کە جەمعییەتەکان چۆن بەشداری بکەن و کۆمەڵە چی بکات. قسەوباس زۆر کراوە و بۆچوونی جیاواز هەبووە؛ یەکێک لە هاوڕێیان پێشنیاری دەنگ دان دەکات. کاک فوئاد دێتە ناو قسەکە و ئەڵێ " ئەبێ ئێمە ڕاستەوخۆ وەکوو کۆمەڵە بەشداری بکەین و هیچ پێویست ناکات دەنگ بدەین. چەند کەسێک بێن منیش لەگەڵیان دەڕۆم." لەگەڵ چەند کەسێک ئەچنە شاری بانە؛ لەوێ بە هاوڕێ محەممەد موهتەدی (کوڕی کاک سەعد) ئەڵێ کە پێوەندی لەگەڵ مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی بگرێت بۆ یارمەتی لە شەڕی کەرەفتوودا.

ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژ کاک فوئاد لە بانەوە ئەچێتە سەقز و کەرەفتوو کە شەڕ تەواو ببوو.

ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ لە جەمعییەتی سەقز کۆبوونەوە ئەبێت و کەسانێک باسی پشتیوانی کردن لە یەکیەتی جووتیاران دەکەن. لەوێ کاک فوئاد ئاخر کەسە کە قسە دەکات و ئەڵێ: یەکیەتی جووتیاران دەوری خۆی گێڕا و تەواو بوو، ئێستا ئەبێ خۆمان ئامادەکەین بۆ بەرەنگار بوونەوەی هێرشی رژیم بۆ سەر کوردستان.

ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژ بەشێک لە ڕێبەرانی کۆمەڵە لە بۆکان کۆدەبنەوە و ڕاگەیاندنە بە ناوبانگەکەی کۆمەڵە "گەلی کورد لە بواری تاقیکردنەوەدا" (خلق کرد در بوتە آزمایش) دەنووسرێت کە بیرۆکەی کاک فوئاد بووە.

ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژ کاک فوئاد دەچێتە بانە.

ڕۆژی ٣١ ی گەلاوێژ بەشداری دەکا لە کۆبوونەوەی جەمعییتەکان لە شاری بانە. ئەو ڕۆژە تەلەفون ئەکات بۆ سنە بۆ ماڵێک کە مەلەکە و حیشمەت لەوێ دەبن. لەگەڵ مەلەکە بە پەرۆش بوونی خۆی بۆ زیندانییەکانی پادگانی مەریوان ڕادەگەیەنێت و ئیسرار دەکات هەر چی زووتر بچنەوە بۆ مەریوان و بە هەموو هێز و تواناوە بەشداری مانگرتنەکەی بەر دیژبان بکەن و تێبکۆشن بۆ ئازادی زیندانییەکان.

ڕۆژی ١ی خەرمانان کاک فوئاد بەشدار بووە لە کۆبوونەویەکدا لە شاری بانە سەبارەت بە هاوکاری هێزە سیاسییەکان کە مام جەلال و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

ڕۆژی ٢ی خەرمانان کۆبوونەوەی هەموو هێزە سیاسیەکانی ئێران واتە کۆمەڵە، حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوەی چریکە فداییەکان و هی‌تریش بوو لە سەر چۆنیەتی بەرەنگار بوونەوەی هێرشی رژیم بۆ سەر کوردستان.

ڕۆژی ٣ی خەرمانان تیرباران کردنی ٩ تێکۆشەر لە پادگانی مەریوان بە ناوەکانی ئەحمەد و حوسەین پیرخزری، بەهمەن ئەخزەری، جەلال نەسیمی، فایەق عەزیزی، ئەحمەد قازیزادە، عەلی داستانی، ئەمین و حوسەین مستەفا سولتانی کە برامانن.

ڕۆژی ٤ی خەرمانان خەبەری ئێعدامەکانی مەریوان ئەدرێت بە کاک فوئاد.

ڕۆژی ٥ی خەرمانان کاک فوئاد لەگەڵ کاک برایم جەلال کە بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانییە و لە نێوان ٢٠ تا ٣٠ پێشمەرگەی لەگەڵدایە، بە ماشین دەچنە ناوچەی مەریوان. لە لای ئاوایی وشکەڵان ئەگەن بە هاوڕێیانی یەکیەتی جووتیاران و تێکۆشەرانێک کە لە شاری مەریوان هاتبوونە دەر.

‌رۆژەکانی ٦ ـ ٧ی خەرمانان کاک فوئاد بەردەوام لە گەڵ ئەو هاوڕێیانە خەریکی کۆبوونەوە دەبێت و هێزی چه‌کدار سەر لە نوێ رێک دەخرێتەوە. هەروەها باسی نەقشە و پلانی گرتنی پادگانی مەریوانیان لەگەڵ دەکات.

ڕۆژی ٨ی خەرمانان کاک فوئاد، کاک برایم جەلال، کاک تەهموورس ئەکبەری(چریکی فیدایی)، بەڕێز شێخ عوسمان خالیدی و کاک ناسێح کوڕی لە وشکەڵانەوە بە سەر جادەکەدا بە نیازی چوون بۆ بانە دەکەونە ڕێ. بە هۆی ئاوەدان بوونەوەی پاسگای قەمچیان لە لایەن رژیمەوە، ڕێگاکەیان دەگۆڕن و درەنگانی شەو دەگەنە ئاوایی ئاگجە.

ڕۆژی ٩ی (٣١/٨/١٩٧٩) خەرمانان لە ئاگجە دەردەکەون بە نیازی ئەوە کە لە سەر جادەی مەریوان ـ سەقز ماشین بگرن و بەرەو بانە بڕۆن. دەوروبەری کاتژمێر ١٠ی بەیانی بە پیلانێکی گومان لێکراو لە لایەن رژیمەوە لە نێوان ئاواییەکانی بستام و کانێعمەت‌دا لەگەڵ هێزێکی زۆر لە جاش و پاسدار بە سەرکردەیی چەمران دەرگیر دەبن. کاک فوئاد و کاک تەهموورس دوای چەند سەعات شەڕ و بەرەنگار بوونەوە گیانیان بەخت کرد.

شایانی باسە ئەو ڕۆژانە و بە تایبەت ڕۆژی ٩ی خەرمانان وەزعی ناوچەکە زۆر نائاسایی و ئاڵۆز بوو. پەیتا پەیتا هێلیکۆپتەر بە سەر ئاوایی ئەڵمانەدا لە هات و چوودا بوون. ئەم هاتوو و چووە ئەوندە زەق و بەرچاو بوو کە دایکمان لە ناو شین و ڕۆی کاک حوسەین و کاک ئەمین‌دا زوو زوو ئەیگوت : "تەیارەی چەمران شانەو شان ئەکا، داوای جوانەکان مەریوان ئەکا".

ڕۆژی ١٠ی خەرمانان بەیانی تەرمەکان دێننەوە مەریوان. کاتژمێر یازدەی بەیانی تەرمی کاک فوئاد گەیشتەوە ئەڵمانە و لە ناو ڕێز و خۆشەویستی بنەماڵە و خەڵکێکی زۆردا لە گۆرستانی " تاڵەسوار" لە لای دوو برای ئازیزی ترمان کاک ئەمین و کاک حوسەین بە خاک سپێردرا. هەر ئەو ڕۆژە ڕادیو تاران لە دەنگوباسی کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆدا وەکوو هەواڵێکی گرینگ گیانبەخت کردنی کاک فوئادی ڕاگەیاند.

**************************************

bottom of page